میلیشیا شیعەكان هێرشەكانیان بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا، ناوەندی پاڵپشتیی لۆجیستیی یان بنكەی ئاسمانی ڤیكتۆریا چڕ كردووەتەوە، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە چەندان درۆن هێرشیان كردووەتە سەری، ئەمڕۆ ئێوارە جارێكی تر كردیانە ئامانج.
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە كە بە درۆنێك هێرش كراوەتە سەر ناوەندی پاڵپشتیی لۆجستیی دیپلۆماسی، بنكەی ئاسمانیی ڤیكتۆریای پێشوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەڵام تا ئێستە زیانەكانی دیار نین.
شایەنی باسە شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم كۆمەڵگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، كە ناوەندی پاڵپشتیی لۆجیستی سەر بە باڵوێزحانەی ئەمەریكای لەخۆ گرتووە، هەشت جار بە مووشەك و درۆن لە لایەن میلیشیاكانی نزیك لە ئێران هێرشی كراوەتە سەر.
بەرپرسێكی عێراقی لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەڵێت، لە شەوی رابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم هەشت جار بە مووشەك و درۆن هێرش كراوەتە سەر ناوەندەكە، بەشێك لەوانە لە دەوروبەر و نزیك ئەو ناوەندە كەوتنە خوارەوە و زیانیان نەبووە، هاوكات درۆنێك لە ناوچەی سەیدییە كەوتە سەر ماڵێك لە نزیك فڕۆكەخانە و زیانی مایەكی لێ كەوتەوە.
بەپێی سەرچاوەیەكی تر بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم لە ناوچەی حەی جیهاد لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ئۆتۆمبێلێكی بچووكی بارهەڵگر دۆزرایەوە كە سەكۆی هەڵدانی مووشەكی هەڵگرتبوو و هێرشەكەی سەر ناوەندی لۆجیستیی دیپلۆماسی پێ ئەنجام درابوو.