هێرش كرایە سەر میلیشیاكان لە جەرف سەخر

:: AM:04:04:23/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەو هەڵمەتە سەربازییەی ناوچەی گرتووەتەوە و تیایدا ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەیان گورزی ئاسمانیان لە ئێران داوە، میلیشیاكان لە گەرمكردنی شەڕەكە لە ناوخۆی عێراق و بۆردمانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بەردەوامن، ئەمڕۆ لە ماوەیەكی كورت چەند جارێك بارەگەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل بۆردمان كراوە.

شانەی تەنگژەكان لە پارێزگای بابل لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە بنكە و بارەگەی لیواكانی حەشدی شەعبی لە شارەدێی جەرف سەخر لە باكوری پارێزگای بابل لە لایەن درۆنێكەوە هێرشیان كراوەتە سەر، دوای ئەوە بۆ جاری دووەم و دواتر بۆ جاری سێیەم هەمان ناوچە كرایە ئامانج، لەوانە بازگەی شەهیدان لە سنووری شارەدێكە. 

شایەنی باسە ناوچەی جەرف سەخر ناوچەیەكی چۆڵكراوە لە دانیشتووانەكەی و ژمارەیەكی زۆر لە بارەگە و جبەخانە و سەربازگەی مەشقی میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانی تیادایە، لەوانە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی، لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی دژ بە ئێران و پێشتریش، ناوچەی جەرف سەخر ئامانجێكی سەرەكیی بۆردمانەكانی ئەمەریكا لە عێراق بووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل