گرووپی نوجەبا هەڕەشە لە ترەمپ دەكات

:: AM:05:24:23/03/2026 ‌

میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران وەك شەڕی مان و نەمان سەیری هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران دەكەن، ئەوان پێیان وایە سەركەوتن و شكستهێنان و لەناوچوونیان لەگەڵ ئێرانە، بۆیە هەر لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران، بەشێك لە میلیشیاكان، لەوانە كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەبا و بابلیوون و ئەنساروڵا و ئیمام عەی و شەبەك و هیتریش هاتنە و شەڕەكە و دەستیان بە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا كرد، ئەمڕۆ گرووپی نوجەبات هەڕەشەی لە سەرۆكی ئەمەریكا كرد.

گرووپە چەكدارەكانی عێراق، كە هاوكات بەشێكن لە حەشدی شەعبی، دەزانن دوای ئێران نۆرەی ئەوان دێت، بۆیە لە ئێستەوە كەوتوونەتە خۆ، دوای ئەو هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییەكە و ناچاركردنی ئێران بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز لە تارانی كرد، بەوەی وێستگەكانی وزەی ئەو وڵاتە دەكەنە ئامانج، گرووپی نوجەبا بە سەرۆكایەتیی ئەكرەم كەعبی، لە تویتێك رای گەیاند كە تۆڵە دەكەنەوە.

گرووپەكە لە پۆستێك بە ناوی عەبدولقادر كەربەلایی یاریدەدەری سەربازیی گرووپەكە نووسیویەتی، با ترەمپ بزانێت كە تەواوی وێستگەكانی وزە لە ناوچەكە لە مەودای مووشەك و درۆنەكانماندایە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری كردنەئامانجیان لە حاڵەتی هێرشكردنە سەر وێستگەكانی وزەی ئێران.

ئەمڕۆ عەبای عەلی ئابادی وەزیری وزەی ئێران رای گەیاند كە لە دوای هەڕەشەی واشنتن بە كردنەئامانجی وێستگەكانی وزە لە ئێران، كارمەند و تیم و پسپۆڕان لە حاڵەتی خۆسازدانن، بەڵام كارەبای زیاتر لە پێویستمان هەیە و نابێت خەڵكەكە نیگەران بێت، كردنەئامانجی ژێرخان، هێرشكردنە بۆ سەر گەل.

ئەمە و دوێنێ شەموو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی لە ئێران كرد بەوەی ئەگەر لە ماوەی 48 سەعات گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریاوانی نەكاتەوە، وێستگەكانی وزەی ئێران دەكاتە ئامانج، لای خۆیەوە ئەمڕۆ یەكشەم عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، گەرووی هورمز دانەخراوە، دوودڵی تێپەڕبوونی كەشتییەكان بە گەرووەكە بۆ ترسی كۆمپانیاكانی بیمە لە شەڕ دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی ئەمەریكا هەڵی گیرساندووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل