رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا دەڵێ، هەر چەندە موساد بەڵێنی بە سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دابوو، هاوكات لەگەڵ هێرشەكان لەناوخۆی ئێران شەقام بجوڵێنێ، كەچی دوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە هیچ ئاماژەیەكی ئەو هەوڵە دەرنەكەوتووە و لەوە دەچێ "شكستی هێنا بێت".
ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئادار رۆژنامەی
نیویۆرك تایمز ئاشكرای دەكات لە سەرەتای پلاندانان بۆ شەڕی ئێران دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "موساد" بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئبسرائیلی راگەیاندووە، لەگەڵ دەستپێكی هێرشەكان ئەویش كار بۆ جووڵاندنی شەقام و ئاژاوەی ناوخۆی ئێران دەكات بۆ ئەوەی حكوومەت بڕووخێنێ، كەچی سێ هەفتەی شەڕ تێپەڕی هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەو هەوڵەی موساد دیار نییە.
رۆژنامەكە باس لەوە دەكات سەرەتا بەرپرسانی ئەمەریكا گومانیان لە توانای موساد هەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركە، كەچی نەتەنیاهۆ و ترەمپ پلانەكەیان قبووڵ بوو، تەنانەت هەندێك لە بەرپرسانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەكە پێیانوابوو كوژرانی دەستەیەكی باڵای بەرپرسانی ئێران، كارەكەی موساد ئاسانتر دەكات، بەڵام هیچ هەوڵێك لەو بارەیەوە نییە.
هەندێك پێیانوایە بە هۆی ئەو توندوتیژییەی حكوومەتی ئێران دژی خۆپیشاندەران بەكاری دەهێنن، هۆكار بووە لە لاوازبوونی شەقام. بۆچوونێكی تریش هەیە پێیوایە 60%ی ئێرانییەكان چاویان لە ژیانێكی باشترە، بۆیە دژی رژێمەكەن، كاتێكیش دۆناڵد ترەمپ گوتی پێویستە ئێرانییەكان لە ماڵەوە بمێننەوە، ئەوا رێژەی 60% كە چاوەڕوانی ئەنجامەكان دەكات و ناڕژێتە سەر شەقام.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز پێیوایە لە ناوخۆی ئێران خۆپیشاندانەكان، لە دەرەوەی ئێرانیش جووڵەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، تا ئێستە بەو شێوەیە نییە بتوانێت حكوومەت بڕووخێنێ. رۆژنامە ئەمریكییەكە تێبینی ئەوەی كردووە ترەمپ و بەرپرسانی ئەمەریكا ماوەیەكە باس لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئێران ناكەن، هەرچەندە هەندێكیان پێیانوایە ئەمە هەر روو دەدات.
لە ناوخۆی ئیسرائیلیش هەندێك بەرپرس بە تایبەتی نەتەنیاهۆ لە دواكەوتنی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی موساد نیگەرانە، بەڵام هێشتا ئاماژە بۆ ئومێدێك دەكات. لە راپۆرتەكە هاتووە، زمانی نەتەنیاهۆ لە سەر ئەو بابەتە سڵ دەكاتەوە و وێرای ئەوەی چەندان جار دووپاتی كردووەتەوە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل پشتیوان دەبن لە جووڵاندنی هێز لەسەر زەوی.
بەڵام نەتەنیاهۆ لە پشتی پەردەكەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی بەڵێنەكانی موساد جێبەجێ نەكراوە، لە یەكێك لە كۆبوونەوەكان كە چەند رۆژێك دوای هەڵگیرسانی شەڕەكە تووڕەیی خۆی نیشان داوە و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە كردووە ئەگەری هەیە لە هەر كاتێك بێت ترەمپ شەڕ رابگرێت، كەچی ئۆپراسیۆنەكانی موساد هیچ ئەنجامێكی نەبووە.