لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی وادەكەی ترەمپ ئێران ئاستی هەڕەشەكانی بەرزتر دەكاتەوە

:: PM:12:38:23/03/2026 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو وادەیە كۆتایی دێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئێرانی دیاری كرد بوو بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز، كەچی ئەنجوومەنی بەرگری ئێران دووپاتی دەكاتەوە، تێپەڕبوون بە گەرووەكە تەنیا لە رێگەی ئێرانەوە دەبێت و  ئەنجوومەنەكە هەڕەشەی تێكدانی تەواوی كەشتیوانی و تۆڕەكانی پێوەندی دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئادار ئەنجوومەنی بەرگری ئێران لە راگەینراوێكدا دەڵێ‌، "هەر هێرشێك بكرێت هاوشێوە وەڵامی دەدەینەوە". لە راگەینراوەكە هاتووە، "ئەگەر ئەمەریكا هەر هێرشێك بكاتە سەر كەنارەكانی ئێران و دوورگەكانی ئەوا دەبێتە هۆی پچڕانی كەشتیوانی و هێڵەكانی پێوەندی و چاندنی مینی دەریایی".

چاوەڕوان دەكرێت لە چەند سەعاتی داهاتوودا ئەمەریكا هەڵوێستی نوێی لەبارەی ئێرانەوە هەبێت، چونكە ئەو 48 سەعاتە كۆتایی دێت كە وەك دوایین دەرفەت بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز ئەمەریكا بە ئێرانی داوە.

داخستنی گەرووی هورمز كە بە شادەماری بازرگانی جیهان دادەنرێت بە تایبەتی بۆ گواستنەوەی نەوت، تا ئێستە لەو شەڕەدا گەورەترین كارتی فشارە بە دەست ئێرانەوە، ئەمەریكا هەوڵ دەدات ئەو كارتەی ئێران پووچەڵ بكات و دۆخی كەشتیوانی لە هورمز ئاسایی بكاتەوە



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل