تەسنیم: کەناڵی ئینتەرناشناڵ "درۆیەکی گەورە"ی لەبارەی قالیباف سڕییەوە

:: PM:07:36:23/03/2026 ‌

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی، کەناڵی ئینتەرناشناڵ کە وەک "باڵی ڕاگەیاندنی مۆساد" ناوى بردووە، جارێکی تر لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی درز و کەلێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی ئێراندا سەرکەوتوو نەبوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تەسنیم کە ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئادارى 2026 بڵاو کرایەوە هاتووە، کەناڵی ئینتەرناشناڵ لە نوێترین هەوڵیدا "درۆیەکی گەورە"ی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گوایە کەناڵی 11ی ئیسرائیلی ڕای گەیاندووە ئەو کەسایەتییە ئێرانییەی لەگەڵ ئەمەریکا لە گفتوگۆدایە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە.

ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئاستی نادروستیی هەواڵەکە هێندە گەورە بووە، خودی کەناڵەکە نەیتوانیوە بەرگەی بگرێت و دەستبەجێ هەواڵەکەی لە پلاتفۆرمەکانی سڕیوەتەوە".

ئەم هەواڵە دواى ئەوە دێت کە کەمێک لەمەوبەر کەناڵی 11ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، ئەو سەرکردە باڵا ئێرانییەی کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی قسەی کردووە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە و دۆناڵد ترەمپیش بە سەرکردەیەکى ئاستبەرز و خاوەن ڕێزێکى زۆر ناوى برد.


وشە - رزگار خدر