كەشناسان پێشبینی دەكەن لە دوو رۆژی داهاتوو بارانێكی زۆر ببارێت و ئاستی ئاو لە رووبار و رێڕەوە ئاوییەكان و ناوچە نزمەكان زۆر بەرز ببێتەوە لە شوێنە نزكەكان لافاو دروست ببێت، تەنانەت لە هەندێك لە پارێزگاكان پشوو هاتووەتە راگەیاندن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دانیشتووانی پێنج پارێزگا بەو هۆیەوە ئاگەدار دەكاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوای لە دانیشتووانی پارێزگاكانی واست و دیالە و ئەنبار و كەركووك و سەڵاحەدین كرد بۆ ئەوەی زۆر وریای خۆیان بن، لە رێڕەوی ئاو و رووبارەكان و دۆڵ و نشێوی و شوێنە نزمەكان دوور بكەونەوە، ئەوەش بەهۆی پێشبینیكردنی بارانبارینێكی زۆر و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێك ناوچە.
ئەمڕۆ بەپێی بەیاننامەیەكی شانەی تەنگژەی پارێزگای كەركووك، بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو، ئەگەری هەیە بەهۆی بارانبارینی زۆر كۆبوونەوەی زۆری ئاو و لافاو لە چەند ناوچەیەك دروست ببێت، رەنگە پێنجشەمی داهاتوو بگاتە ئەوپەڕی، بۆیە رێوشوێنەكانی توند كراون و ئاستی ئامادەسازی گەیشتووەتە ئەوپەڕی. دووپات لەوە كرایەوە كە پێویستە هاووڵاتییان وریا بن و لەو شوێنانە دوور بكەونەوە كە ئەگەری دروستبوونی لافاویان تیادا دەكرێت.
لای خۆیەوە عومەر كەرەوی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە كاری شانەی تەنگژەكانی لە پارێزگاكە بۆ ماوەی 72 سەعات درێژ كردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلە چاوەڕوانكراوە بەهێزەكەی بارانبارین، ئەو رێوشوێنە توندانە لەو دوو پارێزگایە، بەهۆی مەترسییە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵانی رابردووی دروستبوونی لافاو، كە زیانی گەورەی بە ژێرخان و كشتوكاڵی ئەو ناوچانە گەیاند، بەتایبەتی لە ناوچەكانی نزیك لە رووبار و بەنداوەكان.