حەشدی شەعبی: لە هێرشەكانی بێجی حەوت كارمەندمان بریندار بوونە

:: PM:08:04:24/03/2026 ‌

لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكانی عێراق كە لە ئێرانەوە نزیكن، دەستیان كرد بە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەوەش وای كرد رۆژانە بنكە و بارەگەكانیان بكرێتە ئامانج، ئەمڕۆ بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە شارۆكەی بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین هێرشی كرایە سەر و دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت حەوت كارمەندیان بریندار بوونە.

شەوی رابردوو لە ناوچەی حەبانییە لە ئەنبار هێرش كرایە سەر كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی حەشدی شەعبی و ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و كارمەندی حەشد كوژران و بریندار بوون، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوچەی سینییە سەر بە شارۆكەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بارەگەی لیوای 31ی حەشدی شەعبی دوو هێرشی كرایە سەر و بەو هۆیەوە وەك ئاماری سەرەتایی حەوت كارمەندی لیواكە بریندار بوون و تەواوی بارەگەكە زیانی بەر كەوتووە.

ئەمە و راستەوخۆ لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران، میلیشیاكان لە عێراق دەستیان كردووە بە كردنەئامانجی بنكە سەربازی و بەرژەوەندی و نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، تا ئێستە دەیان هێرشیان ئەنجام داوە، لە بەرانبەردا ئەمەریكا لە رێگەی فڕۆكەی جەنگی و درۆن و هەلیكۆپتەری ئەپاچییەوە بنكە و بارەگەی لیواكانی حەشدی شەعبی دەكاتە ئامانج و تا ئێستە دەیان لە كارمەندانی حەشد كوژراون، لەوانە هێرشەكەی حەبانییە كە 15 كارمەندی حەشدی تیادا كوژران.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل