ئەمڕۆ سێشەم محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی كرد، تاوتوێی پەرەسەندنەكانی دۆخی عێراق و ناوچەكە كرا و چەند بڕیارێك دەركرا، هاوكات سەركۆنەی هێرشەكەی سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حەشدی شەعبی كرا.
وەك لە
بەیاننامەیەكی نووسینگەی سوودانی بڵاو كرایەوە، ئەنجوومەنی وەزیران سەركۆنەی هێرشەكانی سەر حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد، سووربوونی عێراقی لەسەر پاراستنی سەروەری و ئاسایش و ئارامییەكەی و پاراستنی دامەزراوە و سامانی گشتی و تایبەت و نێردە دیپلۆماسییەكان و پاراستن و پەرەپێدانی كاری دەزگە تەناهییەكان دووپات كردەوە.
ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكی فەرمیدا رای گەیاند، لە كردەوەیەكی دوژمنكارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاكارێكی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 24ی ئادار، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بارەگەیەكی فرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەك و هێزێكی فرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، بەر هێرشی شەش مووشەكی ئێران كەوتن و لە ئاكامدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون.
وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی كردەوە، ئەو شەش پێشمەرگەیە بەر هێرشی شەش مووشەكی بالیستی ئێرانی كەوتن و 30 پێشمەرگەی تریش بریندار بوون، وەزارەتەكە داوای لە حكوومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستان كرد، بەرانبەر بەم پێشێلكارییانە بێدەنگ نەبن و سنوورێك بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباكانە دابنرێت.