لە بەرانبەر بە هەوڵی میلیشیاكان بۆ راكێشانی عێراق بۆ ناو شەڕ بە ئامرازە سەرەتاییەكانیان، ئەمەریكا بە گورزی وردی ئاسمانی وەڵامیان دەداتەوە، شارەزایان پێشبینی دەكەن لە داهاتوو هێرشەكانی ئەمەریكا بەرەو كردنەئامانجی سەركردەی میلیشیاكان پەرە بستێنێت، بۆ ئەو مەبەستە رێنوێنی بۆ فەرماندەكانی حەشدی شەعبی دەرچووە بۆ خۆحەشاردان.
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە لە چەند سەعاتی رابردوو رێنوێنی دەرچووە بۆ خۆحەشاردانی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان و كەمكردنەوەی جموجۆڵیان و دەرنەكەوتنیان لە میدیاكان و چۆڵكردنی بارەگە سەربازییەكانیان و پەنابردن بۆ شوێنی تر، ئەوەش لە ئەگەری كردنەئامانجیان.
بەپێی
سەرچاوەكە هەروەها داواكراوە پێوەندییەكانیان سنووردار بكەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەزگا هەواڵگرییەكانی زانیاری وردیان لەبارەی ئەوانەوە هەیە، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە دوای كشانەوەی راوێژكارەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە ماوەی دوایی، وای كردووە پێوەندییان لەگەڵ عێراق ببڕێت و ئەوەش كاری كردووەتە سەر هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییەكان و تێكەڵبوونی سوپا و هێزە تەناهییەكان و حەشد و میلیشیاكان.
چاودێران پێیان وایە ئەگەری هەیە دۆخەكە بەرەو كردنەئامانجی زیاتری میلیشیاكان و حەشدی شەعبی دەچێت لە رێگەی گۆڕانی بنەماكانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، ئەوەش حكوومەتی عێراق دەخاتە بەردەم ئاڵنگاریی ئاڵۆز پێوەست بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەرەسەندنەكان و دۆخی نوێ