ئەمڕۆ چوارشەم 25ی ئاداری 2026، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی ڕای گەیاند کە وەڵامی سەرەتایی وڵاتەکەی بۆ پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ "ئەرێنی" نییە، بەڵام تاران هێشتا لێکۆڵینەوە لە پێشنیازەکە دەکات، ئەوەش بەپێی ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز گواستوویەتیەوە.
بەرپرسەکە ڕوونی کردەوە کە وەڵامە سەرەتاییەکەی ئێران ڕادەستی پاکستان کراوە، بۆ ئەوەی لەوێوە بە واشنتن ڕابگەیەنرێت.
هەر ئەمڕۆ چوارشەم، تاران ڕەتکردنەوەی پێشنیازە ئەمەریکاییەکانی ڕاگەیاند و بە "زیادەڕەوی لە داواکارییەکان" بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکەی ئێستە وەسفی کرد، و دووپاتی کردەوە کە بڕیاری ڕاگرتنی جەنگ تەنیا بەدەست سەرکردایەتیی ئێران خۆیەتی.
تاران هەر ئاگربەستێک یان گەڕانەوەیەک بۆ سەر مێزی دانوستانەکانی بەستەوە بە جێبەجێکردنی لیستێک لە پێنج مەرج، کە دیارترینیان بریتین لە: کۆتاییهێنان بە کارە دوژمنکارییەکان و تیرۆرکردن لە سەرجەم بەرەکان، پێدانی قەرەبووی دارایی بۆ زیانەکانی جەنگ، و داننان بە سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.