ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی ئاداری 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکایی ئاشکرای کرد، کە ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی گەشبینانەی لە کۆبوونەوەیەکی حكوومەتی ئەمەریکادا لەبارەى ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران پێشکەش کردووە، و ئاماژەی بە بوونی "ئاماژەی بەهێز" داوە لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی تاران.
ماڵپەڕەکە لە زاری باراک ڕاڤید پەیامنێری خۆیەوە گواستیەوە، ویتکۆف بە بەرپرسانی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە لەژێر فشاری پەرەسەندووی سەربازی و سیاسیدا، ئێران خەریکە دەگاتە ئەو باوەڕەی کە هیچ جێگرەوەیەکی باشتری نییە لە قبووڵکردنی پێشنیازەکەی ئەمەریکا.
هەڵسەنگاندنەکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدەن کە تاران بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەرچوون لەم جەنگە، ئەوەش لە کاتێکدایە پێوەندییە دیپلۆماسییەکان چڕتر بوونەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان و کردنەوەی دەرگایەک بەرەو ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو.
لەم نێوەندەدا، واشنتن هۆشداریی ڕوونی داوەتە ئێران کە هەڵەی نوێ لە حیساباتدا نەکات، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی هەر ئاڵۆزکردنێکی زیاتر دەبێتە هۆی لەباربردنی دەرفەتەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە چاوەڕوانییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئاراستەی ڕێڕەوی دانوستانەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕاپۆرتە میدیاییە فەرمییەکانی ئێران دووپاتیان کردەوە کە تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەڵامی پێشنیازەکەی ترەمپی بۆ ڕاگرتنی جەنگ ڕادەستی واشنتن کردووە، کە ڕەتکردنەوەیەکی ناڕاستەوخۆ و کۆمەڵێک مەرجی بۆ کردنەوەی دەرگای دانوستان لەخۆ گرتووە.
ئاژانسی "تەسنیم" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگەدارەوە گواستیەوە کە ئێران لە وەڵامەکەیدا دووپاتی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی ڕەخساندنی "بارودۆخێکی واقیعی" کە مسۆگەریی دووبارەنەبوونەوەی جەنگ بکات لە داهاتوودا، سەرباری وەرگرتنی قەرەبوو بۆ ئەو زیانانەی بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانەوە پێی گەیشتووە.
لە کۆتاییدا سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، سەرکردایەتیی ئێران لە ئێستەدا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی بەرانبەر دەکات لەسەر هەڵوێستەکەی، لەگەڵ بوونی چاوەڕوانییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئاکامی ئەم ڕێڕەوە کە ڕەنگە ئاراستەی قۆناغی داهاتوو دیاری بکات، چ بەرەو هێوربوونەوە بێت یان بەردەوامبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان.