یەكێك لە بڕگەكانی پێشنیازەكەی ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ بە ئێرانی داوە، وەستانی پاڵپشتییە بۆ میلیشیاكان و یارمەتیدانە بۆ هەڵوەشانەوەیان لەو وڵاتانەی تیایدا كار دەكەن، ئێستە هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێرشی سەر میلیشیاكان بەردەوامە و رۆژانە لیواكانی حەشدی شەعبی دەكرێنە ئامانج، توێژەرێك پێی وایە شەڕیش بوەستێت كردنەئامانجی میلیشیاكان بەردەوام دەبێت.
مستەفا عوبێدی توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، لە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران لە قۆناغی داهاتوو هێرشی سەر میلیشیاكان و حەشدی شەعبی لە عێراق زیاتر دەبێت، سوپای پاسداران میلیشیاكانی لە شەڕ تێوەگلاندووە و ئەوانیش عێراقیان راكێشاوەتە ناو شەڕەكە، بۆیە هێرشی سەر ئەوان لە لایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل لە رۆژانی داهاتوو، ئەگەر لایەنە شەڕوانەكان بگەن بە ئاگربەستی كاتی یان هەمیشەیی بەردەوام دەبێت.
روونی كردەوە، ئەوەی پاڵپشتی لەو پێشبینییە دەكات پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایە بۆ ئێران بە پێویستیی دەستبەرداربوون لە میلیشیاكان و سیاسەتی بەرەكان لە ناوچەكە، لەوانەش میلیشیا عێراقییەكان، ئەمەریكا دەستی كردووە بە دانانی نەخشەیەكی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناكرێ عێراق لە گۆڕانكارییەكان بەدوور بێت.
عوبێدی پێشبینی كرد لە حاڵەتی گەیشتنی ئەمەریكا و ئێران بە ئاگربەست، ئیسرائیل هێرشی چڕ بكاتە سەر حەشدی شەعبی، چونكە ئەو كات ئەمەریكا گوشار لە تەلئەبیب دەكات بۆ وەستانی هێرشەكانی سەر ئێران، بەڵام رێگەی پێ دەدات بۆ بەردەوامبوون لە كوتینەوەی حزبوڵای لبنانی و حەشدی شەعبی لە عێراق.