وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەکات

:: AM:10:02:27/03/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریکایی ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل گۆڕانکاریی لە ڕێڕەوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران کردووە.

ئەم گۆڕانکارییە دوای پاشەکشەی ئەو پێشبینییانە دێت کە دەیانگوت دەکرێت لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ڕژێمی ئێران بڕووخێنرێت، ئەوەش لە سایەی نەبوونی هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی ناوخۆیی، سەرباری چڕکردنەوەی هێرشەکان.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەکە، لە ئێستەدا هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر تیشک دەخەنە سەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک و مووشەک، شانبەشانی ناوەندەکانی توێژینەوەی سەربازی، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای ئێران بۆ بونیادنانەوەی هێزە سەربازییەکەی.

وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم ئاراستەیە گوزارشت لە تێگەیشتنی ئیسرائیل دەکات بەوەی کە لەوانەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵ بدات لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، ئەمەش تەلئەبیب هان دەدات بۆ ئەوەی پێش هەر ئەگەرێکی وەستانی شەڕ، ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی گەورەتر بکات.

بەرپرسان دووپاتیان کردەوە کە هەڵمەتە سەربازییەکە زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی سەربازیی ئێران گەیاندووە، بەڵام بەتەواوی لەناوی نابات، لە کاتێکدا کە تاران بەردەوامە لە پاراستنی توانا بنەڕەتییەکانی خۆی.

لە بەرانبەردا، ئێران ڕازی نەبووە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت یان توانا مووشەکییەکانی کەم بکاتەوە، ئەمەش دەرفەتەکانی بەدەستهێنانی یەکلابوونەوەیەکی ستراتیجیی خێرا سنووردار دەکات.

هاوکات پێشبینییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی، کۆتاییهێنان بە جەنگ بەبێ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە هاوسەنگیی هێزەکاندا، لەوانەیە وا بکات ئێران بتوانێت تواناکانی بونیاد بنێتەوە، سەرباری ئەو گورزانەی پێی گەیشتوون.

بەرپرسانی سەربازی بە ڕۆژنامەکەیان ڕوون کردووەتەوە کە لەپێشینەی کاری ئێستە، بریتییە لە کەمکردنەوەی توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، ئەویش لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی سەرکردە سەربازییەکان و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکەوە.

لێکۆڵەران پێیان وایە کە ئەم وەرچەرخانە دەری دەخات جەنگەکە چووەتە قۆناغێکی جیاوازەوە، کە لە جیاتی بەدەستهێنانی گۆڕانکاریی سیاسیی ڕاستەوخۆ لە ناوخۆی ئێراندا، زیاتر تیشک دەخاتە سەر لاوازکردنی تواناکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.


وشە - پۆڵا مەحموود