سی ئێن ئێن: ترەمپ تاوتوێی بژارەی زەمینی و پەرەپێدانی جەنگی ئێران دەکات

:: AM:11:25:27/03/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێی چەند بژارەیەک دەکات بۆ پەرەپێدانی جەنگی دژی ئێران بە شێوەیەکی گەورە، ئەوەش لە ئەگەری شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکە هیچ کام لەو بژارانە نموونەیی نین.

لە کاتێکدا هەڵمەتە سەربازییەکە تا ئێستە بە شێوەیەکی گەورە پشتی بە بۆردومانکردنی ئێران بەستووە، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری "پێنتاگۆن" کە ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگەکە دەکەن، سیناریۆی بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان داڕشتووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئامانجە جیاوازەکان لە ناو ئێران، ئەوەش بەپێی گوتەی زیاتر لە شەش کەسی ئاگادار لە گفتوگۆکان.

بەڵام ئەم سیناریۆیانە تەنیا مەترسیی زیانی "قورس" لەخۆ ناگرن، بەڵکوو هیچ گرەنتییەکیش نییە بۆ سەرکەوتنیان لە کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

ئەم پلانە ناوخۆییە گرنگییەکی زیاتری بەدەست هێناوە لەگەڵ پلاندانانی ترەمپ بۆ قۆناغی داهاتووی هەڵمەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لەگەڵ زیادبوونی فشارە ئابووری و سیاسییەکان لەسەری بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

سەرەڕای ئەوەش و وێڕای دەرکردنی فەرمانی ناردنی هەزاران سەربازی زیاتر بۆ ناوچەکە، ترەمپ دوودڵ بووە لە پەرەپێدانی ململانێکان، لە ترسی ئەوەی هەر هەڵەیەک لە ئێستەدا جەنگەکە بکاتە ململانێیەکی خوێناوی و درێژخایەن.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسێکی پێشووی پێنتاگۆنەوە، قەبارەی خەرجی و زیانەکانی ئەمەریکای لە سێ هەفتەی یەکەمی جەنگی سەر ئێران خەمڵاندووە، کە لە نێوان 1.4 بۆ 2.9 ملیار دۆلار دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود