سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان پێشێلکاریی دەستوورە

:: AM:11:45:27/03/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، دادوەر فائق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هۆشداریی دا لە لێکەوتەی مەترسیداری بەهۆی تاکڕەویی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لە دەرکردنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی، و دووپاتی کردەوە کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە پێشێلکارییەکی ڕوونی دەستوورن و دەوڵەت دەخەنە ژێر سزای نێودەوڵەتییەوە.

دادوەر زێدان لە وتارێکیدا ڕوونی کردەوە کە مادەی (61/ نۆیەم) لە دەستووری عێراق، ڕاگەیاندنی حاڵەتی جەنگی بە میکانیزمێکی یاساییی ئاڵۆزەوە بەستووەتەوە، کە هەردوو سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و ڕەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی تێدا بەشدارە. ئاماژەی بەوەش دا کە هەر جووڵەیەک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستمی دیموکراسی و سەروەریی یاسا لەناو دەبات.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەڵسوکەوتی هەندێک گرووپ و میلیشیای چەکدار و هەوڵدانیان بۆ تاکڕەوی لە بڕیارەکانی جەنگ و ئاشتیدا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی کۆمەڵگە، و دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێویی یاسایی و تەناهی.

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری باسی لەوە کرد کە تاکڕەویی ئەم گرووپە چەکدارانە لە ڕاگەیاندنی حاڵەتی جەنگ لە ڕووی کردارییەوە و لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکیی جەنگی، پێشێلکارییەکی ڕوونی دەستوورە، چونکە ئەم مافە تەنیا بۆ دەسەڵاتە دەستوورییە شەرعییەکان قۆرخ کراوە، کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەل دەکەن و لە ناو چوارچێوەیەکی یاساییی ڕێکخراودا کار دەکەن. کاتێک هەندێک گرووپ بڕیاری لەم شێوەیە دەدەن، ئەوا هەیبەتی دەوڵەت لاواز دەکەن و بنەمای سەروەریی یاسا تێک دەدەن.

دادوەر زێدان ئاماژەی بەوەش دا کە لە ڕووی تەناهییەوە، ئەم تاکڕەوییە دەبێتە هۆی فرەیی لە ناوەندەکانی بڕیاری سەربازی، کە دۆخێکی پشێوی و ناسەقامگیری دروست دەکات، و ڕەنگە وڵات پەلکێشی ململانێی ناوخۆیی یان هەرێمی بکات بەبێ بوونی کۆدەنگیی نیشتمانی. هەروەها بڵاوبوونەوەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، ئەگەری ڕوودانی پێکدادانی چەکداری لە نێوان لایەنە جیاوازەکان لە ناو کۆمەڵگەدا زیاد دەکات.

لەبارەی لایەنی سیاسییەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕای گەیاند، ئەم ڕەفتارە هەڕەشەیە بۆ سەر سیستمی دیموکراسی، چونکە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان تێدەپەڕێنێت و ڕۆڵیان پەراوێز دەخات، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی متمانە لە نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت. هۆشداریشی دا لەوەی بڕیارە نافەرمییەکان بۆ جەنگ، ڕەنگە دەوڵەت دووچاری گۆشەگیریی نێودەوڵەتی یان سزای نێودەوڵەتی بکاتەوە بەهۆی ڕەفتارگەلێکەوە کە ملکەچی یاسا نین.

لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، دادوەر فائق زێدان هۆشداریی دا کە ئەم دۆخە کاریگەریی نەرێنیی بەسەر ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، چونکە خەڵک لە دۆخێکی ترس و نادڵنیاییدا دەژین، و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئابووری بەهۆی بەردەوامیی گرژییە تەناهییەکانەوە زەرەرمەند دەبن.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، ناوبراو ڕوونی کردەوە کە تاکڕەویی هەندێک گرووپی چەکدار بە ڕاگەیاندنی حاڵەتی جەنگ، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دەوڵەت و کۆمەڵگە، چونکە هەڕەشە لە سەروەریی نیشتمانی دەکات و سیستمی یاسایی هەڵدەوەشێنێتەوە. دووبارە دووپاتی کردەوە لەسەر پێویستیی "قەتیسکردنی چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە و بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە دەستوورییەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز کە لەسەر بنەمای یاسا و حكوومەتێکی شەرعی وەستابێت."


وشە - پۆڵا مەحموود