ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمەریکای بە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم ڕێڕەوی دیپلۆماسی و دانوستان لەگەڵ تاران، و تێوەگلان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران تۆمەتبار کرد، هاوکات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە گورزە سەربازییەکانی "دەستدرێژیکاران" سەرکۆنە بکات.
عێراقچی لە گوتەیەکدا لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕای گەیاند، ئێران لە ناوەڕاستی جەنگێکی "ناڕەوا و پاساونەهێنراو"دایە، و ڕوونی کردەوە کە "ئەمەریکا مێزی دانوستانەکانی هەڵگێڕایەوە سەرەڕای ئەوەی ئێمە ڕێڕەوی دیپلۆماسیمان گرتەبەر."
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە تاران هیچ کاتێک هەوڵی بۆ جەنگ نەداوە، و بەردەوامە لە پرۆسەی بەرگریکردن لە خۆی لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە هەرێمییەکان.
وەزیرە ئێرانییەکە واشنتنی بە بەئامانجگرتنی قوتابخانەی "میناب"ـی کچان تۆمەتبار کرد، کە بەهۆیەوە دەیان کەس لە ناو پۆلەکاندا و لە کاتی دەوامی فەرمیدا بوونە قوربانی، و گوتی، ناکرێت ئەمەریکا لە بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانە ببەخشرێت.
عێراقچی کوژرانی زیاتر لە 175 قوتابی و مامۆستای لە قوتابخانەی میناب بە قێزەونترین دەرکەوتەی دەستدرێژیی ئەمەریکایی و زایۆنی بۆ سەر وڵاتەکەیان دانا.
سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئێستە، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ئەم جەنگە ناڕەوایەی دژی ئێمە دەکرێت، لەسەر بنەمای ئارەزووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلە.
لە کۆتاییدا عێراقچی گوتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهاکانی لەبەردەم تاقیکردنەوەدان و دەبێت سەرکۆنەی دەستدرێژیکارانمان بکەن"، و دووپاتی کردەوە کە ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی تا ئەو کاتەی پێویست بێت.