ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە تەنیا 116 کەشتی بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئەمەش پاشەکشەیەکی تیژ پیشان دەدات کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەیە دوای هەڵگیرسانی جەنگ.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە "ئەم ژمارەیە دابەزینێک بە ڕێژەی 97٪ بەراورد بە مانگی ڕابردوو پێک دەهێنێت و لە سەرەتای ململانێکانەوە هیچ تێپەڕینێکی کەشتی بەرەو ئەمەریکا یان ئەوروپا تۆمار نەکراوە. ئەمەش دوای بڕیارێکی فەرمی دێت بۆ سنووردارکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە ناو گەرووەکەدا، لە چوارچێوەی ڕێکارەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی دەریایی لەو ناوچە هەستیارەدا.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی پاکستانی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە "هەندێک هێڵی کەشتیوانی ئاڵاکانیان گۆڕیوە بۆ ئەوەی لەژێر تۆماری پاکستانیدا بگەڕێن تا تێپەڕبوونیان لە گەرووەکەدا ئاسانتر بێت، و ئەمەش وەک دەستپێشخەرییەکی نیازپاکییە بەرانبەر بە ئیدارەی ترەمپ.
لە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی دیاردا، بەرپرسانی پاکستان ڕایان گەیاند کە ئیسلام ئاباد ئامادەیە میوانداریی دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و ئێران بکات و ئاماژەیان بەوە دا کە هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری دوای چەند هەفتەیەک لە دیپلۆماسییەتی هێمن دێت.
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ڕای گەیاند کە ئێران هیچ بەرانبەرێک داوا ناکات بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان بە ناو گەرووی هورمزدا، کە ڕێڕەوێکی دەریاییی هەستیارە و وەک شادەمارێکی سەرەکیی بازرگانیی نەوتی جیهانی دادەنرێت.