بەرپرسێكی كورد بۆ وڵاتانی كەنداو : ئێوەیش وەك ئێمە بەڵێنەكانی سوودانی بە جددی وەرمەگرن

:: PM:07:37:27/03/2026 ‌
ماڵپەری زە ناشناڵی ئیماراتی كە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەبێتەوە، لەسەر هێرشەكانی میلیشیاكان قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی باڵای كورد كردووە و لە لێدوانەكە دەڵێ‌، "دەبێت وڵاتانی كەنداو وەك ئێمە بن بەڵێنەكانی سوودانی بە جددی وەرنەگرن، چونكە سوودانی دەسەڵاتی نییە"

ئەمڕۆ هەینی 27ی ئادار ماڵپەڕی زە ناشناڵ راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا لە زاری بەرپرسانی كورد و عەرەب لە عێراق دووپاتی دەكاتەوە، ئەگەر حكوومەتی عێراق كۆنتڕۆڵی میلیشیاكان نەكات، ئەوا لە ناوچەكە عێراق گۆشەگیر دەكرێت. یەكێك لەو بەرپرسانەی لە راپۆرتەكە قسەی كردووە، ناوی ئاشكرا نەكراوە ، بەڵام وەك بەرپرسێكی باڵای كورد ئاماژەی بۆ كراوە.

 ئەو بەرپرسە كوردە دەڵێ‌، "دەمامكەكە كەوت و دەركەوت حەشدی شەعبی دەوڵەتە" ئەو بەرپرسە باس لەوەیش دەكات تا ئێستە زیاتر لە 400 مووشەك و درۆن ئاراستەی كوردستان كراوە، بەڵام هیچ سەركۆنەكردن و گرتنێك دەرهەق بە تاوانباران ئەنجام نەدراوە.

بەرپرسەكە باسی لەوە كردووە، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وای لێهاتووە دووپاتكردنەوە و بەڵێنەكانی سوودانی "بە جدی وەرنەگرێت، ئێستەیش كەنداو هەست بە هەمان شت دەكات و هیچ بەربەستێك بۆ حەشدی شەعبی نییە، ئەوان دەسەڵاتیان بەسەر بانك و كۆمپانیا هەیە و دەوڵەت و پەرلەمان و دادگاكان بەڕێوە دەبەن".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەی بەرپرسەكە دووپاتی دەكاتەوە سوودانی هیچ دەسەڵاتێكی نییە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی دۆستی عێراق ئەو راستییە وەك بنەمایەكی سەرەكی قبووڵ بكەن، كاتێ هەر گەنگەشەیەك لەسەر چارەسەری كێشەكە دەكەن.

هاوشێوەی ئەو هێرشانەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن، میلیشیاكان هێرش دەكەنە سەر وڵاتانی دەوروبەر بۆیە ئوردن و وڵاتانی كەنداو بە فەرمی داوایان لە حكوومەتی عێراق كردووە سنوورێك بۆ ئەو میلیشیایانە دابنێت كە سەربە ئێرانن.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل