داوا دەكرێت میلیشیاكانی حەشد لە شارەكان دەربكرێن

:: PM:08:36:27/03/2026 ‌
جەمال كەربوولی سەرۆكی حزبی حەل "سوننە" داوا دەكات حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و شارەكانی تری سوننە دەربكرێن چونكە دانیشتووانی ئەو شارانە وەك قەڵغان بەكار دەهێنرێن.

ئەمڕۆ هەینی 27ی ئادار جەمالی كەربوولی سەرۆكی حزبی حەل پەیامێكی لە ئێكس بڵاوكردەوە و تێیدا داوا دەكات حەشدی شەعبی لە شارەكان دەربكرێن، كەربوولی دەڵێ‌، "بە شێوەیەكی رۆژانە پارێزگاكانمان بە هۆی بوونی حەشد لە ناوچەكانی نیشتەجێبوون بۆردمان دەكرێن، بەخۆی دەنگی فڕۆكە و تەقینەوە خەڵكی سڤیل بە تایبەتی منداڵ و ژن و بەساڵاچووان رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە".

سەرۆكی حزبی حەل دەڵێ‌، "چارەسەر ئەوەیە حەشد بچێتەوە پێگەی ئاسایی خۆیان لەسەر سنوورەكان، هێزەكانی سوپا و پۆلیس شوێنی ئەوان بگرێتەوە بۆئەوەی پارێزگای لە هاووڵاتیان بكرێت و لە نەهامەتی جەنگ دوور بخرێنەوە".

 كەربوولی پەیامەكەی بە هاشتاگی، "گەل نابێتە قەڵغانی مرۆیی" كۆتایی پێدەهێنێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا بە دەیان هێرش كراوەتە سەر پێگەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی لە پارێزگاكانی مووسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار كە زۆرترین دانیشتووانی ئەو شارانە سوننەن.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل