هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكست دەهێنێ‌ و زیاتر لە 10 فراكسیۆن بایكۆتی دەكەن

:: AM:10:58:28/03/2026 ‌
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكات دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكست بهێنێت، چونكە زیاتر لە 10 فراكسیۆنی پەرلەمان بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن. سەرچاوەكە دووپاتیشی دەكاتەوە كۆكردنەوەی واژوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نەبووە، بەڵكو بۆ مەبەستێكی تر بووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەمڕۆ شەموو 28ی ئادار زانیاری بە ماڵپەڕی شەفەق نیوز داوە لەسەر ئەو كۆبوونەوەی كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەم مانگە "دووشەمی داهاتوو" بكرێت و تایبەت بێت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق. دوێنێ‌ ناوی 220 پەرلەمانتار بڵاوكرایەوە كە گوایە واژوویان كردووە بۆ ئەوەی لە دانیشتنەكە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، كەچی سەرچاوەكە دووپاتی دەكاتەوە، كۆكردنەوەی واژووەكە بە ئامانجێكی تر بووە. سەرچاوەكە دەڵێ‌، "دانیشتنی رۆژی دووشەم لەسەرەتادا بڕیار بوو بۆ گەنگەشەی چەقبەستوویی سیاسی و دۆزینەوەی چارەسەری تەنگژەی ئێستە بێت، كەچی دواتر روون بووەوە نیاز لەو دانیشتنە هەڵبژاردنی نزار ئامێدییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و دواتریش راستەوخۆ ئەویش محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رادەسپێرێت".

دوێنێ‌ دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە 220 پەرلەمانتار واژوویان كردووە و داوا دەكەن لە دانیشتنەكە سەرۆك كۆمار بێتە هەڵبژاردن، هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان لە راگەینراوێكدا باسی لەوە كرد "پەرلەمانی عێراق بەرەو ئەو ئامانجە دەچێت و بەرپرسیارێتی دەستووری لە ئەستۆ دەگرێت و سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت". هەیبەت حەلبووسی بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بەوە بكات كە ئەم پۆستە لە پشكی كوردە، باسی لەوە كرد بوو تا ئاستێكی قبووڵ نەكراو رێگە دراوە، تا رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بكرێت كەچی ئێستە پەرلەمان خۆی كۆتایی بەو بابەتە دەهێنێت "كەسێك هەڵدەبژێرێت نوێنەرایەتی تەواوی عێراقییەكان بكات".

لە رواڵەت دەردەكەوێت 220 پەرلەمانتار سەركەوتوو بن لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، چونكە بەگوێرەی دەستوور دەبێت دوو لە سێی پەرلەمانتاران سەرۆك كۆمار هەڵبژێرن، كەچی سەرچاوە سیاسییەكەی قسەی بۆ شەفەق نیوز كردووە، پێشبینی دەكات ئەو دانیشتنە شكست بهێنێ‌، بۆ ئەمەیش بە ژمارە ئاماژە بۆ ئەو لیستانە دەكات كە ئامادە دەبن، لەگەڵ ئەوانەی بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن.

سەبارەت بەوانەی ئامادە دەبن ئەمانەن: فوراتەین 45 كورسی، تەقەدوم 30 كورسی، حیكمە 18 كورسی، یەكێتی 15 كورسی، سادقوون 29 كورسی، كوێی كورسییەكانیان دەكاتە 137 كورسی. 

ئەوانەی بە ئەگەرێكی زۆرەوە بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن ئەمانەن: دەوڵەتی یاسا 31 كورسی، بەدر 18 كورسی، پارتی 26 كورسی، خەدەمات پێنج كورسی، تەسمیم شەش كورسی، ئەساس هەشت كورسی، ئیبشر یا عێراق چوار كورسی، حقووق شەش كورسی، ئیشراقەی كانوون هەشت كورسی، زاخۆ و فاو دوو كورسی، كۆی كورسییەكنیان 131 كورسییە.

سەرچاوەكە باسی لەوە نەكردووە كە نەوی نەوێ و هەڵوێستیش واژوویان لە بەرژوەندی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كردووە، كە بە یەكەوە كەمتر لە 10 كورسییان هەیە، بەڵام ئەگەر ئەوانیش بخرێتە سەر ئەوا هەر ناتوانرێت سەرۆك كۆمار بێتە هەڵبژاردن، چونكە ژمارەكان بەگوێرەی مەرجە دەستوورییەكان نابێت.

لە مادەی 70 ی دەستووری عێراق هاتووە دەبێت دوو لە سێی پەرلەمانتاران سەرۆك كۆمار هەڵَبژێرن، واتە زیاتر لە 220 پەرلەمانتار، كەچی ئەو ژمارەیەی كە لە سەرەوە ئاماژەی بۆ كراوە و بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن 130 زیاترە واتە لە بەهێزترین حاڵەتدا 200 پەرلەمانتار ئامادە دەبن.

ئەبومیساق مەساری سەربە رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و لایەنگری كاندیدبوونی نووری مالیكین، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەڵێ‌، "هەندێك لە لایەنەكان لەوانە دەوڵەتی یاسا و بەدر لەگەڵ ئەوە نین لە بارودۆخێكی وەهادا دانیشتنێكی لەم جۆرە بكرێت، چونكە هیچ ئەنجامێكی نابێت".

دوای 2003 بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەیە. لە خولی ئەمجارە هەر یەكە لە پارتی و یەكێتی كاندیدیان بۆ پۆستەكە هەیە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل