ئەمڕۆ شەموو 28ی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە دەریاوانان و هێزەکانی پیادەی دەریایی "مارێنز"ی سەر بە کەشتیی (یو ئێس ئێس تریپۆلی - LHA 7)، دوێنێ هەینی 27ی ئادار گەیشتوونەتە ناو ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ناوەندی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ڕاگەیەنراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە کە ئەم کەشتییە هێرشبەرە (وشکانی - دەریایی)یە کە لە پۆلێنی کەشتییەکانی جۆری "ئەمەریکا"یە، وەک کەشتیی سەرەکی و ئاڵاهەڵگری گرووپی ئامادەی هێرشبەری تریپۆلی و یەکەی 31ی هێزی مارێنز کار دەکات.
سێنتکۆم ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەم هێزە گەورەیە لە نزیکەی 3,500 دەریاوان و سەربازی مارێنز پێک دێت، سەرباری هەڵگرتنی فڕۆکەی گواستنەوە و فڕۆکەی جەنگیی هێرشبەر، لەگەڵ کەرەستەی هێرشبردنی دەریایی و وشکانی و کەرەستەی تاکتیکیی پێشکەوتوو.