هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، شەڕ و بۆردمانی ئەمەریكا و میلیشیاكان لە عێراق ئەویش بەردەوامە، بەپێی سەرچاوەیەك ئێوارەی ئەمڕۆ بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە بەری راستی مووسڵ كراوەتە ئامانج، بەڵام زیانەكانی دیار نین، هەر ئەمڕۆ درۆنێك تێكشكێنراوە كە ویستوویەتی بنكەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین بكاتە ئامانج.
بەپێی
سەرچاوەیەكی تەناهی ئێوارەی ئەمڕۆ بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە نزیك سێیەم پردی ناوچەی حاوی كەنیسە لە بەری راستی مووسڵ كرایە ئامانج، بەڵام تا ئێستە زیانەكان دیار نین.
هەر ئەمڕۆ و بەپێی سەرچاوەیەكی تری تەناهی بنكەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین بە درۆنێك كرایە ئامانج، بەڵام لە لایەنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بنكەكە تێكشكێنرا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لە رووداوەكە نەبووە.
ئەمڕۆ ئێوارە دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، بارەگەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی باكور و رۆژهەڵاتی دیجلە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای كەركووك لە رێگەی سێ مووشك كرایە ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەكەوە سێ كارمەندی حەشدی كوژران و چواری تریش بریندار بوون، ئەوەش وەك ئاماری سەرەتایی.