شارەزایەك: هاتنی حوسییەكان بۆ ناو شەڕ دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات

:: PM:09:31:28/03/2026 ‌

ئەمڕۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران چووە ناو پێنجەم هەفتە و بەردەوامە، دوای ئەوەی بەم دواییە ئێران هەڕەشەی گرتنی گەرووی بابولمەندەبی كرد، ئەمڕۆ حوسییەكانی یەمەن مووشەكێكیان گرتە ئیسرائیل و رایان گەیاند كە هاتوونەتە ناو شەڕەكە و پێشبینی دەكرێت ئەجیندای ئێران بە داخستنی گەرووی بابولمەندەب جێبەجێ بكەن، ئەوەش كێشەی وزە و هاتوچۆی بازرگانی لە ناوچەكە زیاتر دەكات.

عەلی جبووری شارەزای ستراتیجی پێی وایە هاتنی حوسییەكان بۆ ناو شەڕ، گۆڕانكارییەكی جۆرییە لە تەنگژەكە، هەڕەشەی فرەوانبوونی بازنەی شەڕ دەكات، بریتییە لە دابەشكردن و بڵاوكردنەوەی گوشارە سەربازییەكان لەسەر ئێران، ئەوەش رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و سیاسی زەحمەتتر دەكات، گوشاری زیاتر دەخاتە سەر سیستمەكانی بەرگری، بەتایبەتی ئەگەر مووشەكی دوورمەودا و درۆن لە هێرشەكانی بەكار بێنێت.

زیاتر گوتی، شوێنی جوگرافیی یەمەن وا دەكات بەشداریكردنی حوسییەكان لە شەڕەكە رەهەندێكی ستراتیجی هەبێت، بەتایبەتی بەهۆی نزیكیی لە رێڕەوی ئاوی لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب، ئەوەش نیگەرانیی نێودەوڵەتی لەبارەی رێڕەوی وزە لە ناوچەكە زیاتر دەكات، ئەگەر شەڕەكە نەوەستێت، بۆیە لەوانەیە ئەو هەنگاوە وەڵامدانەوەی بەهێزی سەربازی دروست بكات لە رێگەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حوسییەكان و فرەوانبوونی شەڕ و زیاتربوونی گوشارەكان لەسەر بازاڕی وزە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل