ڕۆژانە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کەم بووەتەوە

:: PM:11:18:29/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 29ی ئاداری 2026، ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کرد کە داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی تیژ لە لێشاوی نەوتی جیهانی، و بۆشاییەکی گەورەی لە دابینکردنی سووتەمەنیدا دروست کردووە کە دەگاتە نزیکەی نۆ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئاژانسەکە بە پشتبەستن بە داتاکان ئاماژەی بەوە داوە کە داخستنی گەرووی هورمز، لێشاوی نەوتی جیهانی بە بڕی نزیکەی 11 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم کردووەتەوە.

هەروەها ڕوونی کردووەتەوە، کەمبوونەوەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆشاییەکی دروست کردووە کە نزیک دەبێتەوە لە نۆ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەم ژمارەیەش لە کۆی گشتیی بەکارهێنانی چەندان وڵاتی ئەوروپی پێکەوە زیاترە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بازاڕەکانی وزە بەرزبوونەوەیەکی خێرایان لە نرخەکاندا بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش لە سایەی ترس و دڵەڕاوکێ لە بەردەوامبوونی داخستنەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی هاوردەکاری نەوت، بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئاسیا.

ئەم پچڕانە بە گەورەترین پچڕان دادەنرێت لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، لەگەڵ زیادبوونی هۆشدارییەکان لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی جیهانیی وزە کە ڕەنگە بۆ چەندان مانگ درێژە بکێشێت، ئەگەر ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەکان نەکرێنەوە یان ڕێگەی بەدیل بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان نەدۆزرێنەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود