ئەمڕۆ یەکشەم 29ی ئاداری 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕای گەیاند کە دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک لە ئێران "لە خزمەت دەرچووە" و بەتەواوی لەکار کەوتووە.
هەروەها ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە دووپاتی کردەوە کە دامەزراوەی ئەتۆمیی خونداب لە ئێران، هیچ مادەیەکی ئەتۆمیی ڕاگەیەنراوی تێدا نییە.
پێشتر و ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی بڵاوی کردبووەوە کە کارلێکەری (مفاعل) ئەراک ڕووبەڕووی دوو گورزی ئاسمانی بووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ دزەکردنێکی مادەی تیشکدەر بۆ دەرەوەی دامەزراوەکە ڕوو بدات.
ئاژانسەکە لە هەواڵەکەیدا ڕوونیشی کردووەتەوە، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کێکی زەرد لە شاری ئەردەکان بۆردومان کراوە، بەبێ دزەکردنی هیچ مادەیەکی تیشکدەر بۆ دەرەوەی کۆمەڵگەکە.
لەلایەکی ترەوە، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دووپاتی کردەوە کە دامەزراوەیەکی چارەسەرکردنی یۆرانیۆم ڕووبەڕووی گورزی سەربازیی ئەمەریکا و ئیسرائیل بووەتەوە.