ئیسرائیل: لە سەرەتای شەڕی ئێرانەوە زیاتر لە شەش هەزار كەس بریندار بوون

:: PM:01:07:30/03/2026 ‌
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رای گەیاند، ژمارەی بریندارەكان لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە شەش هەزار و هەشت كەس، كە ئێستە 121 برینداریان لە نەخۆشخانەكان لە ژێر چارەسەردان.

بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمیی وەزارەتەكە، دۆخی تەندروستیی ئەو بریندارانەی لە نەخۆشخانە ماونەتەوە بەم شێوەیەیە، یەك كەس لە دۆخێكی زۆر مەترسیدایە، 16 كەس دۆخیان سەختە، 30 برینداری مامناوەند و 74 كەسی تریش برینەكانیان سووكە یان تووشی شڵەژانی دەروونی بوون.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە كردووە كە تەنیا لە 24 سەعاتی رابردوودا، 232 برینداری نوێ گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان، زۆرینەیان برینەكانیان سووك بووە و تەنیا دوو كەسیان دۆخی تەندروستییان سەختە.

شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێ كرد، كاتێك ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر ئێران. پێشتر گرژییەكان لە نێوان مانگی ئایار و حوزەیرانی 2025 پەرەی سەندبوو، یەكەم مووشەكی شەڕەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە نیسانی 2024، بەرەو ئێران هەڵدرا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، چەندان لێدوانی داوە لەبارەی ململانێكان:
 ترەمپ لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی ئاشكرای كرد، هێزەكانی ئەمەریكا دەتوانن دەست بگرن بەسەر دوورگەی خارگ كە گەورەترین وێستگەی نەوتی ئێرانە لە كەنداوی فارس، ''هاوشێوەی ڤەنزوێلا''

ترەمپ فەرمانی بە پنتاگۆن داوە 10 هەزار سەربازی مەشقپێكراو بۆ داگیركردنی خارگ و كۆنترۆڵكردنی رەوانە بكات، تا رۆژی هەینی رابردوو سێ هەزار و 500 سەرباز لە كۆی ئەو ژمارەیە گەیشتنە رۆژهەڵاتی ناوەراست.

هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوەیش كردووە كە گۆڕانكاری لە رژێمی ئێراندا رووی داوە و ژمارەیەكی زۆری سەركردەكانی ئەو وڵاتە كوژراون.

لەلایەكی ترەوە سەركردەكانی ئێران كاردانەوەی توندیان هەبووە:
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هۆشداریی داوە كە زانكۆكانی ئیسرائیل و لقەكانی زانكۆكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بە "ئامانجی ڕەوا" دەزانن، ئەگەر دڵنیایی سەلامەتی بۆ زانكۆكانی ئێران دابین نەكرێت.
 
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رای گەیاند، دوژمن لەلایەك باسی دانوستاندن دەكات و لەلایەكیش باسی هێرشی وشكانی، هێزەكانی ئێران "چاوەڕێی گەیشتنی سەربازانی ئەمەریكان و بۆ ئەوەی ئاگریان تێبەر بدەن".

ئەمڕۆ سوپای پاسداران كوژرانی عەلیڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی، پشتڕاست كردووەتەوە.



وشە - پێشەنگ مەحموود