نێچیرڤان بارزانی پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەردۆغانەوە پێگەیشت

:: PM:07:33:30/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیاوە پێگەیشت.

لە پێوەندییەكەدا، ئەردۆغان هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەو و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی كە لە هێرشەكانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی كوردستاندا شەهید و بریندار بوون، هەروەها بە توندی ئەو هێرشە درۆنییەی سەركۆنە كرد كە كرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆك.

ئەردۆغان دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە بایەخێكی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، هەمیشە پشتگیری لە ئاسایش و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكە دەكات.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پێوەندیی ئەردۆغان و هەڵوێستی دۆستانەی توركیای بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق كرد، هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی دەبێت و هەرگیز نابێتە بەشێك لە جەنگ و گرژییەكان.

دوایین پێشهاتەكانی شەڕ و لێكەوتەكانی بەسەر ناوچەكە و جیهانەوە، تەوەرێكی تری پێوەندییە تەلەفۆنییەكە بوو؛ تیایدا هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ ڕاوەستاندنی جەنگ و چارەسەری ئاشتییانەی ناكۆكییەكان كردەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم