"ئەو لایەنەی هەواڵگریی عێراقی كردە ئامانج زانراوە"

:: PM:08:21:30/03/2026 ‌

لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكان لە عێراق دەستیان بە بۆردمانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق كرد، جیا لەوانە ئەوان چەند ئامانجێكی حكوومەتی عێراقیان بۆردمان كرد، لەوانە تەلاری دەزگەی هەواڵگریی عێراق لەناو جەرگەی بەغدا لە 21ی ئەم مانگە، پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێت لایەنی هێرشبەر زانراوە.

بەها ئەعرجی پەرلەمانتاری عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی گوتی، چەند ئەفسەر و بەڕێوەبەر لە دەزگای هەواڵگریی عێراق بەر لە هەفتەیەك لە هێرشەكە نامەی هەڕەشەیان بەدەست گەیشتبوو، بۆیە ئەو لایەنەی لەپشت هێرشەكەوەیە زانراوە، دەزگای هەواڵگری توانای تەكنیكی وای هەیە دەتوانێت ئەو لایەنانە ئاشكرا بكات كە هێرشە مووشەكییەكان ئەنجام دەدەن، بۆیە كردنەئامانجیان هەوڵێك بوو بۆ پەكخستنی ئەو رۆڵەیان.

شایەنی باسە بەیانی 21ی ئاداری رابردوو دەزگای هەواڵگریی عێراق بە درۆنێك هێرشی كرایە سەر و بەو هۆیەوە ئەفسەرێكی دەزگاكە كوژرا، كە كردنەئامانجی بارەكەی دەزگای هەواڵگری لەناو جەرگەی پایەتەخت پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و كاردانەوەیەكی فرەوانی لە ناوخۆی عێراق دروست كرد و بە كردنەئامانجی شكۆی دەوڵەت دانرا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل