ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئاداری 2026، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە ئاشکرای کرد کە هەزاران سەربازی سەر بە فیرقەی 82ی ئاسمانیی بژاردەی سوپای ئەمەریکا گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگی دژی ئێران دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسەکە، ئەو هێزە ئاسمانییانە کە بنکەی سەرەکییان لە فۆرت براگ لە نۆرس کارۆلاینایە، دەچنە پاڵ ئەو هەزاران دەریاوان، سەربازی مارێنز و هێزە تایبەتانەی کە پێشتر ڕەوانەی ناوچەکە کراون. هەروەها بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە لە پشووی کۆتایی هەفتەدا، نزیکەی 2,500 سەربازی مارێنزیش گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو دوو بەرپرسە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕوونیان نەکردووەتەوە کە هێزەکان بە دیاریکراوی لە کوێ جێگیر دەبن، بەڵام ئەم هەنگاوە پێشبینیکراو بووە. هێزە نوێیەکان بەشێک لە فەرماندەییی فیرقەی 82ی ئاسمانی، یەکەکانی لۆجستی و پاڵپشتی، لەگەڵ یەک لیوای شەڕکەر لەخۆ دەگرن.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا ئاماژە بەوە دراوە کە تا ئێستە هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ ناردنی ئەو هێزانە بۆ ناو خاکی ئێران، بەڵام مەبەست لە کۆکردنەوەیان بونیادنانی توانا و ئامادەکارییە بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی پێشبینیکراوی داهاتوو، کە ڕەنگە دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خەرگ یان مسۆگەرکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز لەخۆ بگرێت.