نەتانیاهۆ: چارەسەری سەربازی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز هەیە

:: AM:12:29:31/03/2026 ‌
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی دوێنێ دووشەم، ئاشکرای کرد کە چارەسەری سەربازی هەیە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات، لە کاتێکدا ڕەتی کردەوە بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە.

نەتانیاهۆ بە ماڵپەڕی "نیوزماکس"ی ئەمەریکایی ڕاگەیاند، دەکرێت گەرووی هورمز تێپەڕێنرێت و بەرژەوەندییەک هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەمە و ڕێگەدان بە ڕۆیشتنی نەوت و غاز بە ئازادییەکی تەواوەوە. هەروەها چارەسەری سەربازی هەیە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، بەڵام ناچمە ناو وردەکارییەکانییەوە.

ئاماژەی بەوەش دا کە "بیرۆکەگەلێک هەن بۆ قۆناغی دوای جەنگ بۆ گۆڕینی هێڵەکانی وزە و نەوت لە کەنداوەوە بۆ بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست."

ئەمە لە کاتێکدایە کە سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، دوێنێ دووشەم ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنی "تاکلایەنە" لەگەڵ ئێران کراوە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکاریی وەزیرانی وزەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کتوپڕ لە ئەمڕۆ سێشەمدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگەکانی هاوئاهەنگی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پشێوییەی کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا دروست بووە.

پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە ئێران ڕەزامەندیی داوە ڕێگە بە 20 کەشتیی نەوتهەڵگر بدات بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن، کە لە بەیانیی دوێنێ دووشەمەوە دەستی پێ کردووە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت وەک "دەستپێشخەرییەکی ڕێزگرتن"، هاوکات دووپاتی کردەوە کە تاران ڕەزامەندە لەسەر زۆربەی خاڵەکانی پلانی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست.

ترەمپ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی 14ی ئیسرائیلی ڕای گەیان، ئێرانییەکان زۆر ئارەزووی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکەن و دەپاڕێنەوە بۆ بەدیهێنانی ئەوە. بە توندیش دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕاستیدا کار بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەکات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاستی هاوئاهەنگی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕوونی کردەوە کە پێوەندییەکان لە "لووتکەدان"، و زیاتر گوتی، هاوئاهەنگییەکە زۆر نزیکە، و پێوەندیمان باشە. ناکرێت لەوە باشتر بێت.



وشە - پۆڵا مەحموود