گراهام لەگەڵ كوردانی ئەمەریكا كۆبووەوە و چەند داوایەكی لێكردن

:: AM:10:20:31/03/2026 ‌
سیناتۆری ئەمەریكی لیندسی گراهام، دیدارێكی لەبارەی پڕۆژەیاسای پاراستنی كورد بۆ كوردانی ئەمەریكا ساز كرد.

لیندسی گراهام لەم دیدارەدا باسی لە پڕۆژەیاسای نوێی پاراستنی كورد و داهاتووی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و نەتەوەی كورد كرا.

گراهام گوتی، داننان بە قوربانییەكانی كورد كارێكی زۆر گرنگە. هاوكات باسی لە ئازایەتیی كورد لە مێژوو كرد و هاتە سەر باسی شەڕی داعش و ئاماژەی بەوە كرد،  كورد یەكەم هێز بوو دڵسۆزانە هاتە مەیدان و بە قوربانییەكانیان بوونە هۆی ئەوەی كەمترین سەربازی ئەمەریكی گیان لە دەست بدەن، ئەمەش مایەی پێزانینە.

گراهام دووپاتی كردەوە كە پڕۆژەیاسا نوێیەكەی لە كۆنگرێس، دەبێتە گەرەنتی یاسایی بۆ پاراستنی كورد و رێگریكردن لە هەر دەستدرێژییەكی دەرەكی و وەستانەوە لە دژی هەڕەشەكان.

ئەو سیناتۆرە پەیامێكی راشكاوانەی ئاراستەی هەموومان كرد و گوتی، ئەركی كوردانی نیشتەجێی ئەمەریكایە كە لۆبی بۆ ئەم یاسایە بكەن و ئەندامانی تری كۆنگرێس و سیناتۆرەكان ئاشنا بكەن بەم پڕۆژەیە، بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بهێنێت.

لە كۆتاییشدا داوای كرد، لەم قۆناغەدا هەمووان یەكدەنگ بن و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بخەنە پێش هەموو شتێك، چونكە یەكڕیزی كلیلی سەركەوتنی كوردە بەتایبەت لە واشنتن.



وشە - سۆران عەزیز