وەزارەتی دەرەوەی ئۆكراینا سەرجەم تۆمەتەكانی ئێرانی رەت كردەوە كە باسیان لە تێوەگلانی كیێڤ لە چالاكیی سەربازی دژی تاران دەكرد، ئەم كاردانەوەیە دوای ئەوە هات كە نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆشداریی دابوو كە ناردنی پسپۆرانی ئۆكراینی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك "هێرشی ڕاستەوخۆ" بۆ سەر وڵاتەكەی هەژمار دەكرێت.
هیورهی تیخی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆكراینا، بەشێوەیەكی توند وەڵامی نوێنەرەكەی ئێرانی دایەوە و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "ئێكس" نووسیویەتی: "چۆن دەزانی نوێنەرێكی ڕژێمی ئێران درۆ دەكات؟ ئەگەر لێوەكانی بجووڵێن، واتە درۆ دەكات."
گوتەبێژەكەی ئۆكراینا ئاماژەی بەوەیش كردووە، لە كاتێكدا هیچ فڕۆكەیەكی ئۆكراینی هێرشی نەكردووەتە سەر خاكی ئێران، بەڵام تاران لە ساڵی 2022ەوە نزیكەی 60 هەزار درۆنی بۆ ڕووسیا دابین كردووە تا خاكی ئۆكراینای پێ بپێكێت.