ئەو وادەی سەرۆكی ئەمەریكا لە سەرەتای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران نزیك بووەتەوە كە چوار بۆ شەش هەفتەیە و هەڵمەتەكە بەردەوامە، شارەزایان پێیان وایە هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوەیە و دەبێت ئێران بە ویستی خۆی یان بە زەبری هێز رێككەوتن بكات، بەرپرسانی باڵای ئەمەریكی دووپاتی دەكەنەوە كە لە سەركەوتن نزیكن و شەڕەكە بە مەرجی واشنتن كۆتایی دێت.
ئەمڕۆ سێشەم
بیت هیگسیس وەزیری جەنگی ئەمەریكا رای گەیاند كە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و بەهێزتر دەبن، دەمانەوێ بگەین بە رێككەوتن و سەرۆك ترەمپ ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، هاوكات ئامادەین بۆ بەردەوامیدان بە هەڵمەتەكە ئەگەر بە رێككەوتن نەگەین، سەرۆك ترەمپ هیچ بژارەیەك دوور ناخاتەوە، لەوانە رەوانەكردنی هێزی وشكانی بۆ ئێران و رێگەی زۆر بۆ ئەو مەبەستە هەیە، دەبێت شەڕەكە بە مەرجەكانی واشنتن كۆتایی بێت.
لەوكاتەی هیگسیس دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی خەریكە نزیكتر دەبێت لە سەركەوتن و هێزەكانی زیاتر دەبن بەرانبەر بە لاوازبوونی هێزی ئێران، جەنەراڵ دان كین سوپاسالاری ئەمەریكا گوتی، تا ئێستە سوپای ئەمەریكا زیاتر لە 150 كەشتیی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێرانی لەناو بردووە، بۆردمانكردنی دامەزراوەكانی دروستكردن و توێژینەوەی سەربازیی ئێران بەردەوامە.
دووپاتی كردەوە كە زیاتر لە 11 هەزار ئامانجی ئێرانیان بۆردمان كردووە و لە لاوازكردنی توانا سەربازییەكانی ئێران بەردەوامین، بەتایبەتی زاڵبوون بەسەر هێزی دەریاوانیی ئێران و توانای بۆ چاندنی مین و دامەزراوەكانی دروستكردنی مووشەك و درۆن و كەشتییە سەربازییەكان، پێویستە ئێران بیر لە چارەسەری دیپلۆماسی بكاتەوە.