هێرش كرایە سەر ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە فڕۆكەخانەی بەغدا

:: PM:08:47:31/03/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران بەرەو شەشەم هەفتە دەچێت، میلیشیاكان رۆژانە بۆردمانی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن، لەوانە باڵوێزخانە و كونسوڵگەی ئەمەریكا، ئێوارەی ئەمڕۆ ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كرایە ئامانج.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی، ئەمشەو بە درۆن هێرش كرایە سەر ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی، بنكەی ئاسمانیی پێشووی ڤیكتۆریا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، درۆنەكە لە نزیك ناوەندەكە كەوتوەتە خوارەوە و هیچ زیانێكی نەبووە. 

دوێنێ عەبدولئەمیر شمەری وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی دەركرد بە دەست پێكردنی لێكۆڵینەوەیەكی فرەوان لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی تەناهی لە كەرتی مەدائین، ئەوەش بەهۆی ئەو پێشێلكارییە تەناهییانەی شەوی رابردوو لە ناوچەكە روویان دا، فەرمانەكە دوورخستنەوەی بەپەلە و راستەوخۆی هەریەك لە بەڕێوەبەری پۆلیسی مەدائین و بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری و فەرماندەی فەوجی دووی لیوای چواری پۆلیسی فیدرالی گرتەوە.  

جیا لەوە راگرتن و رەوانەكردنیان بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوەش بەهۆی كەمتەرخەمییان لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی پێیان سپێردراوە، هەروەها وەزیری ناوخۆ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوی هەڵدانی چوار مووشەك بەرەو فڕۆكەخانەی بەغدا كە لە ناوچەی بەرپرسیارەتیی ئەوانەوە هەڵدراوە، بۆ دیاریكردنی ئەو بۆشاییانەی بووەتە هۆی ئەو بۆردمانانە، وەزیرەكە دووپاتی كردەوە كە هەر ئەفسەرێكی تەناهی كەمتەرخەمی لە ئەركەكانی بكات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكەن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل