شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا كۆبوونەوە.
شاندەكەی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی بوو، لە كۆبوونەوەیەكدا، پەرەسەندنە سەربازییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییەكانیان لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی عێراق تاوتوێ كران.
لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوەیەكی گشتیی بۆ بارودۆخی تەناهیی عێراق لە سایەی ئاڵۆزییەكانی ئێستە كرا، هەردوولا پەرەسەندنە سەربازییە خێراكانی ناوچەكەیان خستە بەر باس و تاوتوێی لێكەوتە چاوەڕوانكراوەكانی ئەو رووداوانەیان لەسەر دۆخی ناوخۆیی عێراق كرد.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، هەردوولا باسیان لە كۆمەڵێك دۆسیەی سیاسیی گرنگ كرد كە لە پێشینەی كارەكانن، لە پێش هەمووشیانەوە پرسی شایستە دەستوورییەكان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەك هەنگاوێكی سەرەكی بۆ جێگیركردنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا.