ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە شیلی كتلسۆن كچەرۆژنامەوانی ئەمەریكی لە بەغدا لە لایەن چەكدارانی نەناسراو رفێنراوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرتنی یەكێك لە رفێنەرەكان راگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش دووپاتی كردەوە كە زانیارییان لەبارەی رفاندنی رۆژنامەوانەكە هەیە و كار بۆ ئازادكردنی دەكەن.
دیلان جۆنسۆن یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەو راپۆرتانەی بۆ هاتووە كە باسی رفاندنی رۆژنامەوانێكی ئەمەریكی لە بەغدا دەكەن، پێشتر وەزارەتی دەرەوە ئەوی لە هەڕەشەكان ئاگەدار كردبووەوە، لەگەڵ نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی هاوئاهەنگ دەبین بۆ ئازادكردنی لە نزیكترین كاتدا.
ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە ئاشكرای كرد كە دەسەڵاتدارانی عێراق كەسێكیان گرتووە و رەنگە پێوەندی بە گرووپی كەتیبەكانی حزبوڵای نزیك لە ئێران هەبێت، گومانی تێوەگلانی لە رفاندنەكە هەیە، دۆخی عێراق لەژێر ئاستی وریاكردنەوەیە لە گەشتكردن، بۆیە داوا لە ئەمەریكییەكان دەكەین ئێستە بەهیچ شێوەیەك نەچنە عێراق و ئەوانەشی لەوێن بەپەلە جێی بێڵن.