لە ماوەی رابردوو هاتە راگەیاندن كە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران پەیامێكی بۆ هێزە سیاسییە شیعەكان و عێراقییەكان لە رێگەی باڵوێزی ئێران لە بەغدا رەوانە كردووە، ناوەڕۆكی پەیامەكە بە چەند شێوەیەك باس كراوە، كونسوڵی ئێران لە نەجەف ئاشكرای كرد كە رابەری باڵای ئێران پاڵپشتی لە عێراقێكی بەهێز و سەربەخۆ دەكات.
سەعید سەیدین باڵوێزی ئێران لە نەجەف رای گەیاند، سەركردایەتیی ئێران بە دیدێكی تایبەت سەیری عێراق دەكات، عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆچكردوو گرنگییەكی تایبەتی بە عێراق لە ناوچەكە دەدا، سەركردایەتی نوێی ئێرانیش، كە موجتەبا خامنەیی بەرجەستەی دەكات، بە هەمان ستراتیجیەت بۆ عێراق دەڕوانێت.
سەبارەت بە پەیامی دوایی رابەری باڵای ئێران بۆ عێراق گوتی، پەیامی دوایی موجتەبا خامنەیی بۆ عێراق بریتی بووە لە رێز و سوپاس بۆ عێراقییەكان بەهۆی پاڵپشتیكردنیان لە ئێران لە شەڕی دوایی، سیاسەتی داهاتووی ئێران بەرانبەر بە عێراق بریتی دەبێت لە پاڵپشتیكردنی عێراقێكی بەهێز و سەربەخۆ.
شایەنی باسە لە 29ی ئاداری رابردوو، موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران چەند پەیامێكی بۆ عێراقییەكان رەوانە كرد، لەوانە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و گەلی عێراق و مەرجەعی باڵای نەجەف.