ترەمپ: سەرۆكی نوێی رژێمی ئێران داوای وەستانی شەڕی كردووە

:: PM:04:58:01/04/2026 ‌

بەر لە چەند سەعاتێك لە وتارێكی گرنگی سەبارەت بە شەڕی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە سەرۆكی نوێی رژێمی ئێران داوای وەستانی شەڕی كردووە.

ترەمپ لە پۆستێك لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، سەرۆكی نوێی رژێمی ئێران، كە بە رێژەیەكی زۆر توندڕۆیی كەمترە و زۆریش لە زیرەكترە لەوانەی پێش خۆی، هەر ئێستە داوای لە ئەمەریكا كردووە بۆ وەستانی شەڕ، ئێمەش كاتێك گەرووی هورمز كراوە و ئازاد دەبێت تاوتوێی داواكە دەكەین.

روونی كردەوە، بەڵام تا ئەوكات لە بۆردمانكردنی ئێران بەردەوام دەبین تا گەڕاندنەوەی بۆ چاخی بەردین، پێشتر ترەمپ چەند جارێك باسی دانوستان و سەرۆكی نوێی رژێمی ئێرانی كردووە بێ ئەوەی ئاشكرای بكات، بەڵام چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی باسی بوونی پێوەندیی ناراستەوخۆ لە نێوان محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و بەرپرسانی ئەمەریكا دەكەن، ئەگەرچی قالیباف رەتی دەكاتەوە.   

ترەمپ لە دیدارێكی ئاژانسی "رۆیتەرز"، گوتی، ئیدارەی ئەمەریكا رژێمی ئێرانی بە تەواوەتی گۆڕیوە، دووپاتی كردەوە كە تاران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، واشنتن لە رێگەی مانگی دەستكردەوە چاودێریی مادە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكات، هێزەكانی ئەمەریكا بە زوویی لە ئێران دەكشێنەوە، بەڵام هەندێك ئامانج هەن ئەگەر پێویست بكات بۆردمانیان دەكەین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل