نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە پێوەندییەكی تەلەفۆنیی لە تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكاوە پێ گەیشتووە و پەیامی دۆناڵد ترەمپی پێ گەیاندووە.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە X رای گەیاند، پێوەندییەكی تەلەفۆنیی تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمەریكای پێگەیشتووە، كە تێیدا پەیامی سەركۆنەكردنی تووندی دۆناڵد ترەمپیان بۆ هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان گەیاندووە.
وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، ترەمپ بە تایبەتی ئاماژەی بەو هێرشە درۆنە كردووە كە كراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆك و سەركۆنەی كردووە.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوسۆزیی سەرۆك ترەمپی كردووە بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان. هەروەها رێز و پێزانینی خۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیرییەكانی ئەمەریكا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕیوە.