ترەمپ بە نیازی چییە؟

:: PM:05:23:01/04/2026 ‌

بڕیارە بەرەبەیانی سبەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وتارێك پێشكەش بكات و باسی شەڕی ئێران بكات، لەوكاتەی بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە كەس نازانێت بە نیازی چییە و بڕیاری چی داوە، هەندێكی تر پێشبینی دەكەن هەفتەی داهاتوو دوا وادەی شەڕە و بە خۆشی یان ناخۆشی دەبێت ئێران رادەستی مەرجەكانی ترەمپ بێت.

لەوەتەی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كردووە، تا ئێستە سەرۆكی ئەمەریكا چەندان لێدوانی لەبارەی شەڕەكە و دانوستان و رەوانەكردنی هێز و كردنەوەی گەرووی هورمز داوەن كە هەندێكی پێچەوانە و دژ بەیەكتر بوون، راوێژكارێكی ترەمپ دەڵێت ئەو شێوازەی سیاسەتێكە بۆ هێشتنەوەی هەموو بژارەكان بە كراوەیی.

چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێن، ئەگەر تا شەشی ئەم مانگە رێككەوتن نەكرێت، ئەو وادەی ترەمپ بۆ ئێرانی دیاری كردووە، ئەوە دوایین و بەهێزترین گورزی سەربازی لە ژێرخانی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی دەوەشێنێت، ئینجا دەكشێتەوە و سەركەوتن رادەگەیەنێت، بە گشتی لە لێدوانەكەی بەرەبەیانی سبەی زۆر شت روون دەكاتەوە.

ماڵپەڕی "ئاكسیۆس" لە بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستەوە، ترەمپ چوار ئامانجی بۆ هەڵمەتە سەربازییەكە راگەیاندبوو، لەناوبردنی توانای مووشەكیی ئێران، لەناوبردنی هێزی دەریاوانیی ئەو وڵاتە، لەناوبردنی میلیشیاكانی لە ناوچەكە، مسۆگەریی نەهێشتنی بوونی ئێران بە خاوەن چەكی ئەتۆمی، ئێستەش زۆرێك لەو ئامانجانەی پێكاوە و هەندێكیشیان، بەتایبەتی میلیشیاكان دوای شەڕی ئێران دەیپێكێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل