سوودانی لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە

:: PM:05:34:01/04/2026 ‌
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و بە گوێرەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەیش، دووپات لە هاوئاهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكان كراوەتەوە.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە كە محەمەد شەیاع سوودانی پێشوازی كرد لە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە میانی دیدارەكەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی وڵات كرا و دووپات لەسەر گرنگی پاراستنی هاوئاهەنگی و هاوكاری لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان، بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكان لە بەرانبەر ئاستەنگە هەنووكەییەكان، لەژێر ڕۆشنایی پێشهات و ڕووداوە خێراكانی ناوچەكە كرایەوە.

هەر لە دیدارەكەدا  بارودۆخی سیاسی ناوخۆ خرایە ڕوو و دووپات لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ڕاوێژ لە نێوان هێزە سیاسییە جیاجیاكان و هەوڵدان بۆ تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان و دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار، كرا.



وشە - وشه‌