ئێران: داوای وەستانی شەڕمان نەكردووە

:: PM:05:56:01/04/2026 ‌
لە پێنجەم هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە سەركردایەتیی نوێی رژێمی ئێران داوای وەستانی شەڕیان كردووە و ئەوانیش دوای كردنەوەی گەرووی هورمز تاوتوێی داواكارییەكە دەكەن، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانەكانی ترەمپی رەت كردەوە. 

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە پێی وایە بەمنزیكانە شەڕ لەگەڵ ئێران دەوەستێت، دوای ئەو لێدوانەی مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بۆ وەستانی ئەو شەڕەی 32 رۆژە بەردەوامە ئامادەیە، بەڵام بە مەرجی بوونی گەرەنتی.

ئەمڕۆ چوارشەم ترەمپ لە پۆستێك لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، سەرۆكی نوێی رژێمی ئێران، كە بە رێژەیەكی زۆر توندڕۆیی كەمترە و زۆریش لە زیرەكترە لەوانەی پێش خۆی، هەر ئێستە داوای لە ئەمەریكا كردووە بۆ وەستانی شەڕ، ئێمەش كاتێك گەرووی هورمز كراوە و ئازاد دەبێت تاوتوێی داواكە دەكەین، روونی كردەوە، بەڵام تا ئەوكات لە بۆردمانكردنی ئێران بەردەوام دەبین تا گەڕاندنەوەی بۆ چاخی بەردین.

ئەمڕۆ تەلەڤزیۆنی ئێران لە ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی گواستەوە كە قسەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی ئێران داوای وەستانی شەڕی كردووە، درۆیە و راست نییە، پێشتریش ئێران رەتی كردەوە كە دانوستانی لەگەڵ ئەمەریكا هەبێت و مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ بە ناكردەنی دانا و دووپاتی كردەوە كە هەر دانوستانێك پێویستە بە وەستانی هێرشەكان دەست پێ بكات.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل