دوێنێ هاتە راگەیاندن كە كچەرۆژنامەوانێكی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی بەغدا لە لایەن میلیشیاكانەوە رفێنراوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەشێك لە زانیارییەكانی ئاشكرا كرد و باسی گرتنی رفێنەرێكی كرد، بەپێی زانیارییەكان ئەو بەرەو مۆڵگەی سەرەكیی میلیشیاكان لە پارێزگای بابل بردراوە، لەو ناوەدا توێژەر و شارەزایان وریایی لەو جۆرە كارانە دەدەن.
هەیسەم میاحی ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، وریایی لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی رووداوی رفاندنی كچەرۆژنامەوانە ئەمەریكییەكە لە بەغدا دەدات و دووپاتی كردەوە كە ئەو رووداوە بەرجەستەی بوونی ئاستێكی نیگەرانكاری پشێوی و لەدەستدەرچوونی تەناهی دەكات، روونی كردەوە، تەنگژە ئاڵۆزەكانی عێراق و ناوچەكە، لەپاڵ كۆنترۆڵنەكردنی هەندێك لایەن، دۆغی عێراقیان گەیاندۆتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، بۆ رفاندنی رۆژنامەوانێكی ناسراوی نێودەوڵەتی.
دووپاتی كردەوە، دەكرێ ئەو رووداوە هەڵوێستی نێودەوڵەتیی عێراق بخاتە تەنگژەوە و دیمەنی سیستمی تەناهیی عێراق بە شێوەیەكی بێتوانا لە كۆنترۆڵكردنی هەندێك لایەنی چەكدار پێشان بدات، چونكە بەپێی زانیارییەكان ئەگەری تێوەگلانی لیوای 45ی دەستەی حەشدی شەعبی لە رووداوەكە هەیە، ئەوەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە.
میاحی رای گەیاند كە ئەو قۆناغەی پێستە پێویستی بە هەڵوێستێكی توندە بۆ پاراستنی دەوڵەت و دامەزراوەكانی و وریایی لە بەردەوامبوونی ئەو رووداوانە دا بەوەی هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ ژینگەی میدیایی لە عێراق.