فەرماندی فەوجێكی حەشدی شەعبی لە بۆردمانەكەی تەلەعفەر كوژرا

:: PM:08:44:01/04/2026 ‌

لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاكان لە عێراق، كە لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە دژی ئێران دەستیان كردووە بە بۆردمانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، ئەمڕۆ دووجار بارەگەكانی حەشدی شەعبی لە نزیك شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بۆردمان كران، بەو هۆیەوە كوژرانی فەرماندەی فەوجێكی حەشدی شەعبی هاتە راگەیاندن.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای نەینەوا، لە دوو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگەی لیوای 53ی حەشدی شەعبی، لیوای حوسێن، لە گوندێكی شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، فەرماندەی فەوجێك و چەكدارێكی تری لیواكە كوژران.

دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك دووپاتی كردەوە لە بۆردمانێكی ئاسمانی بۆ سەر بارەگەی لیوای 53ی حەشدی شەعبی لە شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، یاسین محەمەد سادق فەرماندەی فەوج لەو لیوایە كوژراوە، ئاماژەی كرد ئێوارەی ئەمڕۆ بارەگەی ئەو لیوایە دوو هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر، فەرماندەی فەوجەكە و چەكدارێكی تر كوژراون و چوار چەكداریش بریندارن.

لای خۆیەوە رێكخراوی بەدر لە بەیاننامەیەكدا كوژرانی چەكدارێكی بە ناوی ئەبو تەها توركمانی خەڵكی تەلەعفەر لە هێرشەكانی ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیاند. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل