ئەمڕۆ چوارشەم یەکی نیسانی 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی گەلی ئەمەریکای کردووە، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەرگیز دەستپێشخەر نەبووە بۆ هەڵگیرساندنی هیچ جەنگێک، بەڵکوو بە توندی و ئازایانە ڕووبەڕووی هەموو ئەوانە بووەتەوە کە دەستدرێژییان کردووەتە سەری. ئاماژەی بەوەش دا کە وێناکردنی وڵاتەکەی وەک هەڕەشەیەک، نە لەگەڵ مێژوو و نە لەگەڵ ڕاستییە بەرجەستەکانی ئێستەدا یەک ناگرێتەوە.
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا بۆ گەلی ئەمەریکا، ڕای گەیاند کە گەلی ئێران هیچ کینە و دوژمنایەتییەکی بەرانبەر گەلانی تر نییە، لە ناویاندا گەلی ئەمەریکا، ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ. ڕوونیشی کردەوە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران، ڕاستەوخۆ گەل دەکاتە ئامانج و لێکەوتەکانی، سنوورەکانی وڵات تێدەپەڕێنن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی ئێران دەیکات، وەڵامدانەوەیەکی پشتئەستوورە بە مافی ڕەوای بەرگریکردن لە خۆ، نەک کارێکی دوژمنکارانە. باسی لەوەش کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دوو جار کاری سەربازیی دوژمنکارانە و پاساونەهێنراوی دژی وڵاتەکەی ئەنجام داوە، تەنانەت لە گەرمەی دانوستانەکانیشدا.
لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆماری ئێران گوتی، سەرەڕای هەموو فشارەکان ئێران لاواز نەبووە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە لە چەندان بواردا هێزەکەی زیاتر بووە. هاوکات داوای لە گەلی ئەمەریکا کرد کە گوتاری سیاسی تێپەڕێنن و پێداچوونەوە بکەن بە ڕاستییەکانی ڕابردوو و ئێستەی ئێران، لەگەڵ ئەو ئاواتانەی کە بۆ داهاتوو هەیەتی، کە لەسەر بنەمای ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێ نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای ڕاستی، کەرامەت و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە.
لە کۆتاییدا پزیشکیان ڕوونی کردەوە کە پێوەندیی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە جیهانێکدا کە گێڕانەوەی جیاواز و گرژیی قووڵی جیۆپۆلەتیکی تێدا دروست دەبێت، هێشتا یەکێکە لەو پێوەندییانەی کە زۆرترین تێگەیشتنی هەڵەی بۆ دەکرێت. بە توندیش دووپاتی کردەوە کە ئێران لە مێژووی نوێی خۆیدا هەرگیز ڕێگەی دەستدرێژی، فراوانخوازی، داگیرکاری یان هەژموونخوازیی هەڵنەبژاردووە.