ئەمڕۆ چوارشەم یەکی نیسانی 2026، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ڕەتکردنەوەی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتی لەژێر هەر ناوێکدا دووپات کردەوە.
هاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاندووە، عێراق مافی یاسایی خۆی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و ئاسایشەکەی دەپارێزێت"، ڕوونیشی کردووەتەوە کە بەکارهێنانی خاک، ئاسمان و ئاوی عێراق وەک خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ ڕەت دەکاتەوە.
هەروەها سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کراونەتە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزە تەناهییەکان، داواشی کرد بەپەلە هێرشەکانی سەر هەردوو وڵات و گەلی ئێران و لبنان ڕابگیرێن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پاڵپشتی لە ڕێکارەکانی حكوومەت و دەسەڵاتی دادوەری دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری توندوتیژی و ڕقوکینە"، هەروەها ڕەتکردنەوەی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی لەژێر هەر هۆکارێکدا دووپات کردەوە.
ئەم ڕاگەیەنراوە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، کە ناوچەکە بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک، و ئێران لە لایەکی ترەوە، گرژییەکی سەربازیی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیوە، کە کاریگەرییەکانی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە ناو خاکی عێراقیش.
بەشێوەیەک کە پارێزگاکانی ناو هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی یەک لەدوای یەکی بۆردومانی ئاسمانی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەتەوە کە چەند پێگەیەکیان کردووەتە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی نێردە دیپلۆماسییەکان و بارەگا تەناهییەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.