لێكۆڵەرێكی دیار رای گەیاند، لە ئیدارەی تەرمپ هەوڵێك لە ئارادایە نێردەیەكی تایبەت بەكورد دابنرێت.
د. سەردار عەزیز لێكۆڵەری دیار لە بواری فكری سیاسی لە فەیسبووكی خۆی رای گەیاندووە، لە ئیدارەی ترەمپ نێردەیەك تایبەت بەدۆزی كورد لە ناوچەكە دادەنرێت.
سەردار دەنووسێت: هەوڵێك لە ئارادایە بۆ ئەوەی حكوومەتی ئەمەریكی نێردەیەكی تایبەتی هەبێت بۆ كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
باسی لەوەش كردووە، وەك ئاگاداربم ئەم پرسە بە لینزی گراهامیش گەیەنراوە.
نووسەر دەڵێت: بە هیوام هەر كەسێك دەتوانێت پشتیوان بێت درێغی نەكات، چونكە ئەگەر ببێت، هەنگاوێكی گرنگە لە ڕووی ددانپیانان و باشتركردنی پێوەندی و لە سەرووی هەموویەوە تێگەیشتن لە پرسی كورد.
د. سەردا ئەوەشی گوتووە، هەروەها نێردە ڕزگاركردنی پرسی كوردە لە پەرتەوازەیی و دابەشكاریی دەوڵەتان، بێگومان نەیاری زۆر دەبێت، بەڵام دەبێت لایەنگریشی زۆر بێت، یان هەوڵ بدەین زۆرتر بێت.
مایكڵ سكادن پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان پڕۆژە پێشنیازێكی نوێی ئاراستەی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریكا كردووە، تێیدا داوای دامەزراندنی بەپەلەی "نێردەی تایبەتیی ئەمەریكا بۆ كاروباری كورد" دەكات.
ئەم دەستپێشخەرییەی سكادن، كە لەژێر ناونیشانی "پێشنیازی بەپەلە" بڵاو كراوتەوە، جەخت لەسەر پێویستیی هەماهەنگییەكی باڵاتر دەكاتەوە لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و گەلی كورد لە سەرانسەری عێراق، سووریا، توركیا و ئێران.