ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان جارێكی تر داوای راگرتنی شەڕ دەكات و دووپاتی كردەوە كە تەنگژەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی پەرەسەندنێكی خراپدا پێی ناوەتە مانگی دووەمی خۆیەوە، بۆیە پێویستە شەڕ بەكۆتا بێت.
گۆتێرێس لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەردەوامن و دەبێت بە پێی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكان پشتیوانییان لێ بكرێت، هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانی ئابووری و دەستەبەركردنی ئازادی پارێزراو بن.
سەرنجی خستووەتە سەر داخستنی گەرووی هورمز و دەڵێ، داخستنی گەرووەكە هەڕەشە لە دانیشتوانی دنیا دەكات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و وزە، بۆیە دەبێت بكرێتەوە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەیشدا دووپاتی دەكاتەوە كە دەبێت ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستبەجێ كۆتایی بە شەڕەكە بێنن بەهۆی ئەو ئازارە مرۆیی و كاردانەوەی ئابوورییەی كە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها داوای لە ئێران كرد هێرشەكانی بۆ سەر دراوسێكانی ڕابگرێت و ڕێز لە ئازادی بگرێت.
ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەوە چەندان جارە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای راگرتنی شەڕ دەكات كە لە 28ی شوباتەوە لە نێوان ئێران- ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستی پێ كردووە.