ئیسرائیل کوشتنی فەرماندەی هێزی مووشەکی بالیستیی ئێرانی ڕاگەیاند

:: PM:08:55:02/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل کوشتنی فەرماندەی هێزی مووشەکی بالیستیی لە ئێران ڕاگەیاند، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی وشکانی و ئاسمانی لە باشووری لبنان.

ئیڤی دەفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، "مەکڕەم عەزیمی، فەرماندەی سیستەمی مووشەکی بالیستیمان لە کرماشانی ئێران لەناو برد، هەروەها بۆردمان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی پیشەسازیی مووشەکی مەودا درێژی ڕژێمی ئێران قووڵتر دەکەینەوە.

دەفرین زیاتر گوتی، بەردەوامین لە لێدانی دامەزراوەکانی دروستکردنی مووشەک و سەرجەم پێکهاتەکانی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران، بە جۆرێک توانیمان هەموو پێکهاتەکانی ئەو پیشەسازییە وێران بکەین. ئێران لە سەرەتادا بە هاویشتنی 100 مووشەک دەستی پێ کرد، بەڵام ئێستە ئەوپەڕی توانای 10 مووشەکە لە ڕۆژێکدا.

ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپای ئیسرائیل گورز لە سیستەمی ئابووریی ڕژێمی ئێران دەوەشێنێت، بە شێوەیەک بارەگاکانی گواستنەوەی پارەمان لە ئێرانەوە بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکە وێران کردووە، هەر کەسێکیش هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، بە ئامانجێکی سەرەکیی ئێمە دادەنرێت.

سەبارەت بە لبنان، گوتەبێژەکە ڕوونی کردەوە، ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی وشکانی و ئاسمانی لە باشووری لبنان ئەنجام دەدەین، فەرمان بە سوپا دراوە کە ئۆپراسیۆنی وشکانی لە لبنان قووڵتر بکاتەوە تا ئەو کاتەی سەرجەم ئامانجەکان دەپێکرێن. هەروەها ئۆپراسیۆنەکانمان لە لبنان فراوانتر دەکەین بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان و بەرگریکردن لە شارۆکەکانمان لە باکوور.


وشە - پۆڵا مەحموود